گرفته‌كانی خه‌و له جیاكه‌ره‌وه‌كانی مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ن و هۆكاری رێگه‌خۆشكه‌رن بۆ چه‌ندین نه‌خۆشی كورتخایه‌ن و درێژخایه‌ن.
ئه‌مانه هۆكاره دیارەكانی خه‌وزڕان و و چاره‌سه‌ره‌كانیانن:
1-ده‌رمان:
هه‌ندێك ده‌رمان به‌هۆی هه‌بوونی مادده‌ی كافایین له پێكهاته‌یاندا خه‌وزڕان درووستده‌كه‌ن، هه‌ندێكی دیكه به رێوشوێنی جیاواز خه‌و ده‌زڕێنن. بۆیه ده‌بێت سه‌ره‌تا زانیارییه‌كانی سه‌ر په‌ڕاوی ده‌رمانه‌كه بخوێندرێته‌وه و لە پەیوەندی نێوان ئەو دەرمانە و خەوزڕان بكۆڵێرێتەوە، ئه‌گه‌ر ژه‌مه‌كه‌ی له ئێواران بوو به راوێژی پزیشك باس له گۆڕینی كاتی خواردنه‌كه‌ی بكه‌ی بۆ كاتێكی دیكەی رۆژ، یاخود داوای له جێگره‌وه‌ی ده‌رمانه‌كه له پزیشكه‌كه‌ت بكه‌ی، ئه‌گه‌ر هه‌بوو.
2-كافاین له خواردن و خواردنه‌وه‌كاندا:
هه‌ندێك كه‌س به كافاین هه‌ستیارن و زۆر به ئاسانی به‌و مادده‌یه خه‌ویان ده‌زڕێ. ئه‌و كه‌سانه ده‌بێت خۆیان بپارێزن له بەكارهێنانی خواردن و خواردنه‌وه‌كانی كه كافاینیان زۆره، وه‌ك قاوه، چا، خواردنه‌وه وزه‌به‌خشه‌كان و شوكوڵاته‌ی ره‌ش و هاوشێوه‌كانیان.
3-هه‌سته‌وه‌ری:
ئه‌وانه‌ی هه‌سته‌وه‌رییان هه‌یه، ئاولێهاتنی لووت و كزانه‌وه‌ی چاو و كۆكه ده‌بنه‌هۆی خه‌وزڕانیان. هه‌ندێك رێوشوێن له ژووری نووستندا یاریده‌ی كه‌مبوونه‌وه‌ی نۆره‌كانی هه‌سته‌وه‌ری ده‌ده‌ن، له‌وانه: راگرتنی راده‌ی شێداری له كه‌متر له %50، هه‌واگۆڕكێیه‌كی باش، هێشتنه‌وه‌ی ژووره‌كه به فێنكی و خاوێنكردنه‌وه‌ی جێگه‌ی نووستن و رووكاره‌كانی.
4-زۆر نووستن:
نووستنی زۆر به رۆژدا، ده‌بێته‌هۆی خه‌وزڕانی شه‌وان. توێژه‌ران به‌مدواییانه داوایانكردبوو به رۆژدا سه‌رخه‌وێك نه‌شكێنین كه درێژتربێ له 40 خوله‌ك.
5-شاشه:
شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆن، كۆمپیوته‌ر و مۆبایله زیره‌كه‌كان تیشكه‌شه‌پۆلی شینیان لێ ده‌رده‌چێت كه دژی ده‌ردانی هۆرمۆنی (میلاتۆنین)ی خه‌وێنه‌ره. بۆیه باشتره چه‌ند كاژێرێك به‌ر له نووستن له‌وانه دووربی، ئه‌وانه‌ش كه ناتوانن واز له شاشه بهێنن، با رووناكی شاشه‌كه زۆر كه‌مبكه‌نه‌وه یان چاویلكه‌ی ئه‌وتۆ به‌كاربهێنن كه تایبه‌ت بۆ ته‌ماشاكردنی شاشه درووستكراوه و ناهێڵێ ئه‌و تیشكه له شاشه‌كه‌وه بگاته چاو.
6-وه‌رزش:
وه‌رزش هۆكارێكه بۆ هه‌بوونی خه‌وێكی ئارام، ئه‌مه راستیه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره، به‌ڵام كاتی وه‌رزشه‌كه‌ش رۆڵی هه‌یه. نابێ وه‌رزش بخرێته نزیك كاتی خه‌وتن چونكه ئه‌وه‌یان ده‌بێته‌هۆی خه‌وزڕان، به‌ڵكو ده‌بێ چه‌ند كاژێرێك به‌رله‌وه ئه‌نجامبدرێ.
7- شه‌پۆلی ده‌رچوو له مۆبایل:
ئه‌و شه‌پۆله ئه‌لیكترۆنییانه‌ی له مۆبایله جیاوازه‌كانه‌وه ده‌رده‌چن له 10%ی خه‌ڵكیدا ده‌بنه‌هۆی به‌سه‌ربردنی خه‌وێكی نائارام و پچڕپچڕ. بۆیه باشتره تاكو ده‌توانیت ئامێره كاره‌بایی و ئه‌لیكترۆنییه‌كان له ژووری نووستنه‌كه‌ت نه‌بن.
8-جگه‌ره‌كێشان:
جگه‌ره‌كێشه‌كان خه‌وێكی نائارامیان هه‌یه. توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستی ده‌ریخستووه جگه‌ره‌كێشه‌كان ناچنه ئه‌و خه‌وه قووڵ و ئارامكه‌ره‌وه‌ی خه‌ڵكی ئاسایی هه‌ستی پێده‌كه‌ن، بۆیە یەكێك لە رێوشوێنەكانی باشبزوونی كوالیتی خەو دووركەوتنەوەیە لە جگەرە.
