هەندێك كەس بۆ رزگاربوون لە بۆنی ناخۆشی دەم پەنا بۆ دەرمانە پزیشكییەكان دەبەن، بەڵام پزیشكەكان رێنماییتان دەكەن بەر لە پەنابردن بۆ دەرمان بیر لە پاراستنی خاوێنی نێو دەم بكەنەوە، چونكە هۆكاری سەرەكی ئەو بۆنە، كەڵەكەبوونی بەكتریا زیانبەخشەكانی نێو دەمە.
هەندێك رێوشوێنی سرووشتی هەن بۆنی ناخۆشی دەم كەمدەكەنەوە، كە ئەمانە هەندێكیانن:
1-چای رەش:
چای رەش بە خواردنەوە بێت یان غەرغەرەكردن لە دەمدا، بۆنی ناخۆشی دەم كەمدەكاتەوە، ئەوەش بە پێچەوانەی قاوە.
2-مەعدەنووس:
مەعدەنووس بۆنی ناخۆشی دەم سەركوتدەكات، بۆیە ئەگەر دوای كێشانی جگەرە یان خواردنی سیر بخورێت، بۆنی ئەوانەش كەمدەكاتەوە.
3-دەزووكردن:
دەزووكردنی نێوان ددانەكان، رێگە لە كەڵەكەبوونی بەكتریا دەگرێت لە درزی نێوان ددانەكان، ئەو شوێنانەی فڵچەی ددانیش بە ئاسانی نایانگاتێ، بۆیە رێگەیەكی كارایە بۆ رێگەگرتن لە درووستبوونی بۆنی ناخۆشی دەم.
4-زەنجەفیل:
چای زەنجەفیل ئەگەر بخورێتەوە، بۆنی ناخۆشی دەم كەمدەكاتەوە.
5-ئاوی لیمۆ:
دانانی چەند دڵۆپێك ئاوی لیمۆ لەسەر زمان و پاشان شوشتنی، بۆنی ناخۆشی دەم كەمدەكاتەوە كە بەهۆی بەكتریاكانی سەر زمانەوە پەیدا دەبێت. بەڵام ددانەكانت بە ئاوی لیمۆ مەشۆ، چونكە زیان بە بەرگە پارێزەرەكەی ددان دەگەیێنێ و رێگە خۆشدەكات بۆ كلۆربوون.
6-ئاو:
بۆنی دەم لەوانەیە بەهۆی وشكیی نێو دەم بێت، بۆیە باشترە زوو زوو ئاو بخۆیتەوە و نەهێڵی نێو دەمت وشك ببێتەوە.
7-هێل:
جوینی دەنكی هێل یاخود تێكەڵكردنی هێل لەگەڵ چا، بۆ كەمكردنەوەی بۆنی ناخۆشی دەم بەسوودە.
8-بنێشت جوین:
جوینی بنێشتی بێ شەكر، بۆنی ناخۆشی دەم دەڕەوێنێتەوە و بەهۆی دەردانی لیكی زیاترەوە دەم و ددان خاوێنتردەكاتەوە.
9-ئەڤۆكادۆ:
دژی بەكتریا زیانبەخشەكانی كۆئەندامی هەرسە بەگشتی، ئەوەش بۆ كەمكردنەوەی بۆنی ناخۆشی دەم بەسوودە.
10-ماست:
ماستی سرووشتی بە بەكتریای سوودبەخش دەوڵەمەندە و دژی بەكتریا زیانبەخشەكانە، بۆیە دژی بۆنی ناخۆشی دەمە.
11-رێنماییە بنچینەییەكان:
هەموو كەسێك دەبێ رۆژانە دەم و ددانی بشوات و ساڵانەش دوو جار لەلای پزیشكی ددان، دەم و ددانی بپشكنێ.
