تەمەنی 10 ساڵە و 10 هەزار دۆلاری لە فەیسبوک وەرگرت


منداڵێکی تەمەن 10 ساڵ رەخنەیەکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام گرت و بۆشاییەکی گەورەی ئەمنی لەو تۆڕە دۆزیەوە، بەو هۆیەوە کۆمپانیای فەیسبوک بڕی 10 هەزار دۆلاری وەک خەڵات دا بەو منداڵە.
بەگوێرەی هەواڵێکی بی بی سی ئەو منداڵە ناوی جانی-ەو لە هیلسنکی پایتەختی فینلاند نیشتەجێیە، بۆشاییەکی ئەمنی لە ئینستاگرام دۆزیوەتەوە کە بەکارهێنەر لەڕێگای کۆدێکەوە دەتوانێت کۆمێنتی کەسێکی تر بسڕێتەوە کە ئەمەش یەکێکە لە کەلێنەکانی بەشی ئەمنی ئینستاگرام
کۆمپانیای فەیسبوکیش رایگەیاندووە لەگەڵ ئاشکراکردنی ئەو کەلێنە لەلایەن ئەو منداڵەوە دەستبەجێ چارەسەری ئەو کێشەیەیان کردووە.
دوای ئاشکراکردنی ئەو کەلێنە لەلایەن ئەو منداڵەوە بەماوەیەکی کەم فەیسبوک خەڵاتەکەی پێشکەشی جانی کردووە کە بڕەکەی 10 هەزار دۆلارە.
کاتێک جانی بۆی دەردەکەوێت کە بۆشاییەک لە ئەمنیەتی ئینستاگرام هەیە دەستبەجێ ئیمەیڵێک دەنێرێت بۆ کۆمپانیای فەیسبوک و ئاگاداریان دەکاتەوە، ئەوانیش دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن و کێشەکە چارەسەردەکەن.
بەگوێرەی وتەی یەکێک لە ئەندازیارەکانی کۆمپانیای فەیسبوک تیۆرییەکەی جانی 100% راستبووە،جانی لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەیه‌كى فینلاندی رایگەیاندووە کە ئەو پارەیەی وەک خەڵات وەریگرتووە پاسکیلێکی نوێ و جلوبەرگی یاریی تۆپی پێ بۆ خۆی و کۆمپیوتەرێکیش بۆ خوشکەکەی لێ دەکڕێت،کۆمپانیای فەسیبوک رایگەیاندووە لە ساڵی 2011ەوە تائێستا بڕی 4.3 ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات داوەتە ئەو کەسانەی کێشەو هەڵەکانی کۆمپانیاکەیانی ئاشکراکردووە، ئاشکراشیکردووە کە جانی بچووکترین منداڵە تائێستا ئەو خەڵاتە گەورەیەی وەرگرتبێت.