لە هەڵبژاردنی شارەوانی شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، سدیق خان، کاندیدی حزبی کرێکاران لە كاندیدى ڕکابەری لە حزبی پارێزگاران بردەوەو بووە یەکەم موسڵمان لە مێژووی ئەو وڵاتەدا ببێتە سەرۆک شارەوانی شاری لەندەن.
زاک گۆلدسمیس و دەیڤد کامیرۆن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا چەندین جار سدیق خانیان بە تێوەگلان لەگەڵ ئیسلامییە توندڕەوەکان تۆمەربارکرد، بەڵام نەیان توانی کاریگەری لەسەر دەنگدەران دروستبکەن و هەڵبژاردنەکەیان دۆڕاند.
جێریمی کۆربین، سەرۆکی حزبی کرێکارانی بەریتانیا لە تویتەرەوە پیرۆزبایی لە سدیق کرد و وتی: "دەمەوێت بەزووترین کات لەگەڵ تۆ کاربکەم بۆئەوەی لەندەن بکەین بەشاری دادپەرەوەری بۆ هەموان".هەڵمەتی بانگەشەمان بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی لەندەن هەڵەبوو و بەهۆیەوە هەڵبژاردنەکانمان دۆڕاند، ئێمە هەمیشە بە ڕاستگۆییەوە مامەڵەمان لەگەڵ پرسە ڕەگەزی و ئاینییەکان کردووە" سەعیدە وراسی سەرۆکی پێشووی حزبی پارێزگاران لە تویتەر بەم جۆرە باسی شکستی حزبەکەی کرد.
ئەندرۆ بۆف، سەرکردەیەکیتری حزبی پارێزگاران دانی بەوەدانا کە سراتیجییەکەیان لە بانگەشی هەڵبژاردنەکاندا هەڵەبووەو پێی وایە ڕەنگە لە داهاتوودا ببێتە هۆی پچڕاندی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ موسڵمانانی بەریتانیا. چەند خولەکێک دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدان، ئەندرۆ بۆف بە کەناڵی BBCی وت: "ئەو کەسانەی کە بیروباوەڕی ئاینی جیاوازیان هەیە لە حزبی پارێزگاران، ناتوانن بڕوا بە گۆلدسمیس بکەن بۆ پۆستێکی لەو جۆرە".
وتیشی: "بەراوردکردنی ئاین بە گروپە تیرۆریستییەکان شتێکی هەڵەیە، سیاسەتمەدارێکی شاری لەندەن ناتوانێت شتێکی لەم جۆرە بڵێت، پێم وابێ ئەمە کاریگەری گەورە لەسەر حزبی پارێزگاران دروست دەکات، بەتایبەت لە لەنەدەن کە ڕێژەیەکی زۆر موسڵمانی تێدایە".
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی لەنەدەن، سدیق خانی بەڕەگەز پاکستانی ڕێژەی لەسەدا ٤٤ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لەبەرامبەر لەسەدا ٣٥ بۆ گۆلدسمیس.
