لە راستیدا خۆراكێك نییە راستەوخۆ چەوری بسووتێنێ یان بتوێنێتەوە، ئێمە لەم بابەتەدا مەبەستمان لەو خۆراكانەیە كە بە هاندانی پرۆسەی زیندەپاڵ (گۆڕینی خۆراك بۆ وزە) وادەكەن جەستە وزەیەكی زیاتر بسووتێنێ، بەوەش ناراستەوخۆ دەبنەهۆی كەمبوونەوەی ئاستی چەوری لەش.
ئەمانە هەندێك لەو خۆراكانەن:
1-زەنجەفیل:
ماددەگەلێكی تیادایە كە پرۆسەی هەرسكردن تاودەدەن و وا لە جەستە دەكەن وزەیەكی زیاتر بەكاربهێنێ و پرۆسەی زیندەپاڵ خێراتر دەكەن.
2-رۆنی گوێزهیندی:
جیاكەرەوەیەكی ئەم جۆرە رۆنە ئەوەیە كە ئاسان لەلایەن جەستەوە دەسووتێندرێ و كەمتر بەشێوەی چەوری لەلایەن جەستەوە هەڵدەگیرێ بە بەراورد بە جۆرەكانی دیكەی چەوری، ئەوەش دەیكاتە یەكێك لە خۆراكە نموونەییەكان بۆ دەستكەوتنی وزەیەكی زۆر و خێرا و هەمانكات هۆكارێكی دووربوون لە قەڵەوی.
3-سندی:
رەگەزێكی تیادایە بەنێوی "نارینجن" كە هانی بەهێزبوون و خێرابوونی پرۆسەی زیندەپاڵ دەدات و راددەی كەڵەكەبوونی وزە لەشێوەی چەوری لە لەشدا كەمدەكاتەوە. پرۆگرامی خۆراكی بەشێك لە ئەستێرەكانی هۆڵیود پشت بە سندی دەبەستێ بۆ دابەزاندنی كێش.
4-بیبەری تیژ (توون):
بە رەگەزی (كاپسایسین) دەوڵەمەندە كە بەكاربردنی وزە زیاددەكات و هانی بەكارهێنانی چەورییە كەڵەكەبووەكان دەدات بۆ درووستكردنی وزە. ئەوانەی ئەم جۆرە بیبەرە دەخۆن هەست بە گەرمی و ئارەقەكردنەوە دەكەن، دەگوترێ ئەوە بەهۆی تاودانی پرۆسەی سووتاندنی وزەوە درووستدەبێ.
5-چای سەوز:
توێژینەوەكان دەڵێن خواردنەوەی رۆژانەی 4-5 كوپ چای سەوز پرۆسەی هەڵگرتنی چەوری لەلایەن جەستە كەمدهكاتەوە و هانی سووتاندنی وزە بەشێوەیەكی كاراتر دەدات.
6-ئاو:
خواردنەوەی ئاو هانی جەستە دەدات خێراتر لە پاشەڕۆكانی خۆی رزگاربكات، ئەوەش كارایی خانەكانی جەستە زیاددەكات لە زیندەچالاكییەكانیان و سەرەنجام سووتاندنی وزە بەشێوەیەكی كاراتر.
7-پیاز:
پیاز بە ماددەگەلێك دەوڵەمەندە كە پرۆسەی هەرس خێرادەكەن و سووڕی خوێن چالاكدەكەن، ئەوەش پرۆسەی زیندەپاڵ و گۆڕینی چەورییەكان بۆ وزە كاراتر دەكات.
8-قاوە:
خواردنەوەی قاوە بەبێ بەكارهێنانی شەكر و شیر هانی سووتاندنی كالۆرییەكی زیاتر دەدات كە رۆژانە دەگاتە 100 كالۆری! بۆ ئەوەی ئەم سوودەی قاوەت دەستبكەوێ، رۆژانە دەبێ دوو كوپی لێبخۆیتەوە.
9-گۆشتی بێ چەوری:
گۆشتی بێ چەوری بە ماددەی كارنیتین دەوڵەمەندە، كە ئەویش هانی خێرابوونی پرۆسەی زیندەپاڵ دەدات و كردەی گۆڕینی چەوری بۆ وزە خێراتر دەكات. بەڵام نابێ زیادەڕەوی لە خواردنی بكرێ، چونكە خۆیشی سەرچاوەیەكی بەرچاوی وزەیە و ئەگەر لە بڕی پێویست زیاتری لێبخورێت كالۆری زیاد دەدات و ئەوەش هانی قەڵەوی دەدات.
10-دانەوێڵەكان:
دانەوێڵەكان بە توێكڵەوە زۆرترین سوود دەبەخشن. هەرسكردنی خۆراكە سرووشتییەكانی هاوشێوەی ئەمانە دوو هێندەی ئەو وزەیەیەی دەوێت كە جەستە پێویستی پێیەتی بۆ هەرسكردنی خواردنە دەستكرد و لەقوتونراوەكان. واتە ناڕاستەوخۆ دەبنەهۆی گۆڕینی چەوری بۆ وزە.
11-شیرهمەنییە بێ چەورییەكان:
ئەو بەرهەمانەی شیر كە چەور نین، پڕن لە كالیسیۆم و ڤیتامین D كە بۆ بەهێزی ماسولكەكان گرنگن. دیارە ماسولكەی گەورە و بەهێزیش وزەیەكی زیاتر دەسووتێنێ و وادەكات جەستە چەورییەكی زیاتر بسووتێنێ بۆ زیندەچالاكییەكانی.
