نەخۆشی پەڵەکی سپی بریتییە لە لەدەستدانی ڕەنگی پێست لە شێوەی پەڵەی گەورەدا،ماوە و تێکڕای لەدەستدانی ڕەنگی پێست لەم نەخۆشییەدا بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراوە، دەتوانێت لە هەر شوێنێکی لەشتدا ڕوو بدات و ڕەنگە کار بکاتە سەر قژ، ناو دەم ،تەنانەت چاوەکانیش، بە شێوەیەکی ئاسایی ڕەنگی پێست و قژ و چاو بە پێی میلانین دیاری دەکرێت، بەڵام نەخۆشی پەڵەکی سپی کاتێک ڕوو دەدات کە ئەو خانانەی میلانین دروست دەکەن دەمرن یان لە کار دەکەون.
ئەم جۆرە نەخۆشییە تووشی هەموو جۆرە پێستێک دەبێت، بەڵام ڕەنگە زیاتر لەو کەسانەدا باو بێت کە ڕەنگی پێستیان تۆخە، ئەم نەخۆشییە هەڕەشەی بۆ سەر ژیان نییە و نەخۆشییەکی درم نییە، بەڵام ڕەنگە تووشی سترێست بکات و حاڵەتەکەت بەلاوە ئاسایی نەبێت، چارەسەری ئەم نەخۆشییە تەنها شێوەی پێستەکە باشتر دەکات، بەڵام چاک نابێتەوە.
نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە بریتییە لەمانە:
1- لەدەستدانی ڕەنگی پێست.
2- سپیبوون یان ڕەساسی بوونی قژ لە پێستی سەر، برژانگەکان، برۆ، یان ڕیش بەزۆری پێش تەمەنی 35 ساڵی دروستدەبێت.
3- لەدەستدانی ڕەنگی ئەو شانانەی کە ناو دەم و لوت ناوپۆش دەکەن.
4- لەدەستانی یان گۆڕینی ڕەنگی بەشی ناوەوەی تۆپێنەی چاو.
5- پەڵە لە دەوروبەری ژێرباڵ، ناوک.
نەخۆشی پەڵەکی سپی لە هەموو تەمەنێکدا ڕوودەدات، بەڵام زیاتر لە تەمەنی پێش 20 ساڵیدا ڕوو دەدات.
بەڵام دیارترین نیشانەی ئەم نەخۆشییە، بریتییە لە لەدەستدانی ڕەنگی پێست کە پەڵەی کاڵ یان سپی لەسەر پێست، لەپێشدا لەو ناوچانەدا دەردەکەوێت کە بەر تیشکی خۆر دەکەون وەک دەستەکان، قاچەکان، قۆڵ، دەمووچاو، لێو.
هۆکارەکان دروستبوونی ئەم نەخۆشیە:
نەخۆشی پەڵەکی سپی کاتێک ڕوو دەدات کە ئەو خانانەی میلانین درووست دەکەن، دەمرن یان میلانین درووست ناکەن (میلانین ئەو بۆیاخەیە کە ڕەنگ دەدات بە پێست و قژ و چاو، ئەو پەلانەی دەردەکەون ڕەنگیان کاڵە یان سپییە، پزیشکەکان هۆکاری مردنی یەم خانانە نازانن بەڵام ڕەنگە بەهۆی یەکێک لەم هۆکارانەوە بێت:
1- نەخۆشییەک کاتێک سیستمی بەرگری پەلاماری ئەو خانانە دەدات، کە میلانین دروست دەکەن و لەناویان دەبات.
2- مێژووی خێزانی.
3- تیشکی خۆر، سترێس،کەوتنەبەر کیمیاییە پیشەسازییەکان.