ئایا زانیوته‌ هه‌وره‌بروسكه‌ چۆن دروست ده‌بێت


له‌رووی زانستییه‌وه‌،بروسك-بریتییه‌ له‌ده‌ركه‌وتنی رووناكییه‌كی له‌ناكاووزۆر به‌هێز له‌ئاسماندا، له‌ده‌ره‌نجامی به‌رییه‌كه‌وتنی نێوان دوو بارسته‌ هه‌ور ده‌بێ، كه‌ یه‌كیان هه‌ڵگری بارگه‌ی موجه‌به‌و ئه‌وی دیكه‌شیان سالب‌و له‌كاتی لێكدانیاندا، بروسكاییه‌كی به‌هێزی ڕووناكی لێده‌كه‌وێته‌وه‌و خێرا ون ده‌بێت.
له‌ڕاستیدا، چه‌ند تیۆرێك هه‌ن كه‌ باس له‌هۆكاره‌كانی دروستبوونی بروسك ده‌كه‌ن، بۆ نموونه‌، (بیردۆزی هاندانی كاره‌بایی هێمن) كه‌ تا ئێستا هۆكاری سه‌ره‌كی بارگاوی بوونی هه‌وره‌كانی بۆ بوارێكی نه‌زانراو ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بۆ ڕوودانی بریتییه‌ له‌بوونی هه‌ورێكی مه‌زن، ئه‌وانه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی شاقووڵی گه‌ش‌و نما ده‌كه‌ن، كه‌ ته‌وژمی بای سه‌ركه‌وتوو تیایاندا زۆر به‌هێزه‌و واده‌كات دڵۆپه‌ ئاوه‌كان تا ئاستێكی زۆر به‌رز بكاته‌وه‌، ئینجا كرداری ساردبوونه‌وه‌ی یه‌گجار زۆری ئه‌و دڵۆپانه‌ له‌چینه‌ به‌رزه‌كانی نێو هه‌وره‌كه‌دا ده‌ستپێده‌كات‌و پله‌ی گه‌رمیییه‌كه‌ی داده‌به‌زێت بۆ نێوان (- 10) بۆ ( -20) له‌ژێر سفری سیلیزی‌و به‌مه‌ش ده‌نكۆڵه‌كانی (ته‌رزه‌)یان لێ دروست ده‌بێت‌و له‌ده‌ره‌نجامی جووڵه‌ی ئه‌و ده‌نكۆڵانه‌ له‌نێو بارسته‌ هه‌وره‌كه‌دا، پێش ئه‌وه‌ی به‌رببنه‌وه‌ سه‌ر ڕووی زه‌وی، جۆره‌ بارگاویكردنێكی كاره‌بایی موجه‌بی سووك له‌نێویاندا دێته‌ كایه‌وه‌و له‌هه‌مانكاتدا بارگه‌یه‌كی سالبی سووكیش بارده‌كرێته‌ نێو ئه‌و ده‌نكۆڵه‌ ته‌رزانه‌.
له‌میانه‌ی پڕۆسه‌ی باركردن‌و سه‌رخستنی ده‌نكۆڵه‌ بچوكه‌ خاوه‌ن بارستاییه‌ كه‌مه‌كان بۆ سه‌رووی لووتكه‌ی هه‌وره‌كه‌وه‌، بڕێكی زیاترو زیاتری ده‌نكۆڵه‌كانی هه‌ڵگری بارگه‌ی (موجه‌ب) له‌و ناوچه‌یه‌دا كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بێت‌و له‌به‌رامبه‌ردا ده‌نكۆڵه‌ ته‌رزه‌ قورسترو خاوه‌ن بارگه‌ (سالب)ه‌كان له‌ناوچه‌كانی نزیك ناوه‌ڕاستی هه‌وره‌كه‌دا جێگیر ده‌بن، ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ واده‌كات بارگه‌ی (سالب)ی نێو هه‌وره‌كه‌ زیاد بكات، تا ده‌گاته‌ ئاستێك كه‌ پڕۆسه‌ی ناسراو به‌(به‌به‌تاڵكردنی كاره‌بایی) ڕوبدات، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ردوو بارگه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی زۆر به‌هێز له‌نێو بارسته‌ هه‌وره‌كه‌دا دابه‌شده‌بن‌و ئه‌وكاته‌ به‌یه‌كه‌وه‌ كایه‌یه‌كی موگناتیسی زۆر به‌هێز دروست ده‌كه‌ن‌و دیارده‌ی بروسكی لێ دێته‌ ئاراوه‌.
- هه‌ندێ له‌ڕاستییه‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانی بروسك.
1- له‌هه‌ر خوله‌كێكدا نزیكه‌ی (1800) گێژه‌ڵووكه‌ی بروسك له‌جیهاندا هه‌یه‌.
2- ساڵانه‌ نزیكه‌ی (25) ملیۆن جار بروسك له‌ڕووی زه‌وی ده‌دات.
3- له‌هه‌ندێ حاڵه‌ت‌و له‌ ¼ ی چركه‌یه‌كدا 3 تا 4 لێدانی بروسك رووده‌دات.
4-له‌دووری (19) كیلۆمه‌تر له‌شوێنی لێدانی بروسكه‌وه‌ گوێت له‌ده‌نگه‌كه‌ی ده‌بێت.
5- لێدانی بروسك به‌خێرایی تیشك ناڕوات، وه‌كو وا زانراوه‌، به‌ڵكو خێراییه‌كه‌ی ده‌گاته‌ سنووری 96560 كیلۆمه‌تر له‌یه‌ك چركه‌دا.
6- درێژیی لێدانێكی بروسك ده‌گاته‌ نێوان 3 تا 4 كیلۆمه‌تر.
7- پله‌ی گه‌رمیی بروسك ده‌گاته‌ سنووری 27760 پله‌ی سیلیزی، واته‌، 5 جار گه‌رمتر له‌ پله‌ی گه‌رمیی ڕوی خۆر.